ناوەندی ھاوکاری حزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، سەرەڕای سەرکوت و کوشتاری رۆژانەی خەڵکی ناڕازی لەسەر شەقامەکان، ئێران بە موشەک و درۆن ھێرشیکردە سەر بنکە و بارەگاکانی حزبەکان و ئێستاش بەھێنانی ھێزێکی زۆری سەربازیی بۆ سەر سنورەکانی کوردستان، ھەڕەشەی بەزاندنی سەروەریی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و لەشکرکێشی بۆ سەر حزبەکان دەکات.

راشیگەیاند، ھەرچەشنە دەستدرێژییەکی ئێران بۆ سەر خاکی ھەرێمی کوردستان، پێشێلکردنی سەروەریی خاکی عێراق و ھەرێمی کوردستانە و ئەوان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە رێزیان لە سەروەریی حکومەتی ھەرێم گرتووە و دەیگرن و لە حاڵەتی دەستدرێژی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانیان لە قوڵایی خاکی ھەرێمدا، بە ھەموو توانای خۆیانەوە بەرگری لە خۆیان دەکەن.

ھاوکات داواشی لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و حکومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان و سەرجەم نوێنەران و کۆنسوڵخانەکانی وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمریکا لە ھەرێمی کوردستان کرد، بەرامبەر ئێران بێدەنگ نەبن و ھەڵویستی جدییان ھەبێت.