پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی دووەم بۆ درێژکردنەوەی ماوەی یاسایی پەرلەمان دەکات
کوردسات نیوز
٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢
پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بڕیاریدا لە بەرنامەی کاری دانیشتنی سبەی پێنج شەممە خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازەیاسای بەردەوامبوونی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان-عێراق، بەپێی بڕگەی پێنجەم لە ماددەی ٧٨ و ماددەکانی (٧٩، ٨٠) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان بکرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە دانیشتنی سبەی بەردەوامی بە خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای (پەروەردە و فێرکاری لە ھەرێمی کوردستان-عێراق)، بەپێی حوکمی ماددەکانی (٨٧، ٨٨، ٨٩، ٩٧) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان دەدرێت.
پێشنیازەیاسای بەردەوامبوونی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، لەلایەن ٨٥ پەرلەمانتارەوە ئیمزای لەسەر کراوە، بەڵام بەشێک لە فراکسیۆن و پەرلەمانتاران ناڕازین لە پێشنیازەیاساکە و درێژکردنەوەکە بە نایاسایی ناودەبن.



