پەرلەمانی کوردستان لە کۆبوونەوەدایە و خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پێشنیازەیاسای بەردەوامبوونی خولی پێنجەمی پەرلەمان، بۆ ماوەی دوو وەرزی تری یاسادانان کرد.

بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، سیفەتی بەپەلە بە پێشنیازەیاساکە دراوە بۆ ئەوەی بە زووترین کات خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت، ھەروەھا لیژنەی یاسایی پەرلەمان راپۆرتێک لەبارەی خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازەیاساکە ئامادەدەکات و پێدەچێت سبەینێ خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت.

پێشنیازەیاسای بەردەوامبوونی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، لەلایەن ٨٥ پەرلەمانتارەوە ئیمزای لەسەر کراوە، بەڵام بەشێک لە فراکسیۆن و پەرلەمانتاران ناڕازین لە پێشنیازەیاساکە و درێژکردنەوەکە بە نایاسایی ناودەبن.

پەرلەمانی کوردستان دوای خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازەیاسای بەردەوامبوونی خولی پێنجەمی پەرلەمان، لەئێستادا لە کۆبوونەوەدایە و بەردەوامە لەسەر خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای پەروەردە و فێرکاری، کە تائێستا ٨٠ ماددە لە کۆی ١٨١ ماددە و ھۆکارەکانی دەرچوواندنی خوێندنەوەی دووەمیان بۆ کراوە.