لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی سێ شەمە ٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ لە ھەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا ئێرڤ ھیکس کۆنسوڵی گشتی ئەمریکا  ئامادەی بوو، قوباد تاڵەبانی سوپاسی ھاوکارییەکانی ئاژانسی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمریکای کرد بۆ ھەرێمی کوردستان بە تایبەتیش لەڕووی ناردنی راوێژکار بۆ یارمەتیدانی حکومەتی ھەرێم لە بەرەوپێشبردنی پڕۆسەی ریفۆرم و چاکسازی لە دامەزراوەکانی حکومەتدا.

جێگری سەرۆک وەزیران داواشی کرد لە ھاوکارییەکانیان بەردەوام بن و بە تایبەتیش ھاوکاری گەنجانی خاوەن بیرۆکە و پڕۆژە بکرێت. لەم چوارچێوەیەدا راشیگەیاند حکومەتی ھەرێم لەڕێگەی کەمکردنەوەی رۆتین و چاکسازییەکان و ھەموارکردنەوەی یاسا و رێنماییەکانەوە زەمینەیەکی باشی ئامادەکردوە تا گەنجان ببنە خاوەنی کار و بزنسی خۆیان و بە ھەموو تواناشمانەوە پشتگیریان دەکەین و ھەوڵیش دەدەین بازاڕی پێویستیان بۆ بدۆزینەوە.

لەلایەن خۆیانەوە شاندەکەی (USAID) پشتگیری خۆیان دەربڕی بۆ ھاوکاریکردنی گەنجانی کوردستان و جەختیان کردەوە لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و کاری ھاوبەش لەنێوان حکومەتی ھەرێم و ئاژانسی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمریکا.