رێواز فایەق: پابەندیی خۆمان بە ڕێباز و فەلسەفەی میانڕەوانەی سەرۆک مام جەلال دووپات دەکەینەوە
کوردسات نیوز
٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢
رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پەیامێکی بۆ ساڵرۆژی ماڵئاوایی سەرۆک مام جەلال بڵاوکردەوە کە تێیدا ھاتووە ، لە پێنجەمین ساڵرۆژی ماڵئاوایی سەرۆک مام جەلال، سەرکردەی ناوازە و ڕابەری گەورەی گەلەکەمان، بە دەرفەتی دەزانین کە ڕوانگەی سەرۆک بۆ دەسپێشخەریی ئازایانە لە چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان و حیکمەتی دانسقەیان لە لێکترنزیککردنەوەی ڕەوت و لایەنە سیاسییە جیاواز و دژبەرەکان بە بیری ڕای گشتیی عێراق و کوردستان بھێنینەو ، لەم سۆنگەیەشەوە ئێمە پابەندیی خۆمان بە ڕێباز و فەلسەفەی میانڕەوانەی سەرۆک مام جەلال دووپات دەکەینەوە و ئیلھام لە دانایی و لێھاتووییان لە کردنەوەی گرێ ئاڵۆزەکانی ژیانی سیاسی و گشتیدا وەردەگرین.
لە پەیامەکەی سەرۆکی پەرلەماندا ھاتووە ، سەرۆک مام جەلال ڕاستگۆیانە دیالۆگی بونیادنەرانەی وەک گونجاوترین بژاردە پیادە دەکرد و ڕەگەز و فاکتەرەکانی سەرکەوتنی گفتوگۆی بەکردەوە فەراھەم ئەکرد، لە ڕێگەی لەخۆبووردوویی و بەرجەستەکردنی پرەنسیپی سازشکردن لەپێناو بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییە باڵاکان و یەکلاییکردنەوەی پرسە چارەنووسسازەکان بە سازان و چەمکی چەپکەگوڵەکە ، ھاوکات ئەو بوێرییەی کە لە قبووڵکردنی ڕەخنە و پێویستیی بەخۆداچوونەوە و پاراستنی ماف و ئازادییە گشتییەکان و پشتیوانیی داخوازییەکانی ژنان کە لای مام ھەبوو، ھێندە کەم وێنەیە کە دووبارەبوونەوەی تەواو ئەستەمە و کەلێنێکە ھەرگیز پڕ نابێتەوە.