وەزارەتی دەرەوەی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بە توندترین شێوە ئیدانەی ھێرشەکانی ئێران دەکەن کە چوار ناوچەی ھەرێمی کوردستان کردە ئامانج، راشیگەیاند، بۆردومانەکان پێشھاتێکی مەترسیدارن و ھەڕەشە لە ئاسایشی عێراق و سەروەرییەکەی دەکات.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق راشیگەیاند، لە نزیکەوە چاودێریی پێشھاتی بۆردومانەکان دەکەن و ھەموو کارێک بۆ دووبارەنەبوونەوەیان دەکەن.

ھاوکات کونسوڵخانەی گشتیی ئەڵمانیا لە ھەولێر لە تویتێکدا رایگەیاند، نیگەرانن لە ھێرشە بەردەوامەکانی ئێران بۆ سەر ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا ھێرشەکان بەپێشێلکارییەکی بێ پاساوی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراق ناوبرد و داواشی لە ئێران کرد دەستبەجێ ھێرشەکان بوەستێنێت.

ھاوکات نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق رایگەیاند، پێویستە ئێران دەستبەجێ ھێرشەکانی بوەستێنێت، راشیگەیاند، عێراق و ھەرێم ئەو تێڕوانینە رەتدەکەنەوە وەک باخچەی پشتەوە تەماشایان بکرێت و دیپلۆماسییەتی مووشەک کردەوەیەکی بێباکانەیە و دەرئەنجامی وێرانکەری دەبێت.