شەوی رابردوو، لە تاران و یەزد و مەریوان و کرمانشان و سنە، خۆپیشاندان رێکخرا و شەقامەکان لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە کۆنترۆڵکران، ھێزە ئەمنییەکانیش رووبەرووی خۆپیشاندەران بوونەوە.

ھاوکات "حسێن ئەمیر عەبدوڵاھیان" وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە خۆپیشاندانەکان وتی، دیموکراسییەتی تەواو لە ئێران ھەیە و ھاووڵاتیان ئازادن لە دەربڕینی بیروبۆچوونەکانیان.
وتیشی، تەواوی لایەنە بەرپرسیارەکان کاردەکەن بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی. 

بەپێی دوایین راپۆرتی رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافی مرۆڤ، تائێستا ١٨ ھاووڵاتی کورد لە خۆپیشاندانەکاندا کوژراون. رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانیش رایگەیاند، کۆی گشتی کوژراوانی خۆپیشاندانەکان گەیشتووەتە ٥٨ کەس.