وتەبێژی وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە ، لە ھاویندا رۆژانە ١٤ بۆ ١٥ سەعات کارەبای نیشتمانی دراوەو لەئێستاشدا توانای بەرھەمھێنانی کارەبا ٣٥٠٠ مێگاواتە و بە نزمبوونەوەی خواست لەسەر کارەبا، ماوەکانی پێدانی کارەبا گەیشتۆتە ١٨ سەعات لە رۆژێکدا ، ھەروەھا ، کار لەسەر زیادکردنی ٥٠ ملیۆن پێ سێجا بەرھەمھێنانی گازی سروشتی لە کێلگەی کۆرمور دەکرێت، کە بە ھۆیەوە بەرھەمھێنانی کارەبا ٢٥٠ مێگاوات زیاد دەبێت،  تا مانگی ئاداری ساڵی ئایندەش، بە زیادکردنی ٢٥٠ ملیۆن پێ سێجا بەرھەمھێنانی گاز، ٧٥٠ مێگاوات کارەبا زیاد دەبێت.

سەبارەت بە پێوەری زیرەکی کارەباش ، وتەبێژی وەزارەتی کارەبا رایگەیاندووە ، تا ئێستا پێوەری زیرەک بۆ یەک ملیۆن و ٣٠٠ ھەزار  ھاوبەشی کارەبا دانراوەو بەو ھۆیەوە کارەبا کۆنترۆڵ کراوە  ، بە جۆرێک رێژەی بە فیڕۆچوونی کارەبا لە ٣٥% بۆ ٢٥% کەم کراوەتەوە و ١٠% بۆ ناو تۆڕی کارەبا گەڕێندراوەتەوە ، پاڵپشتیی دارایی حکومەتیش بۆ پێدانی کارەبا بە تایبەتی پولی ماڵان گەیشتووەتە لە ٧٠%.