سەرۆکی پەرلەمانی دانیمارک پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکی یەکێتی دەکات
٢٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٢
لە درێژەی کاروچالاکیەکانی ناوەندی یەکێتی لە دانیمارک و لەسەر ڕاسپاردەی پۆڵا سیروان تاڵەبانی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی ناوەندەکانی دەرەوە، وەفدێکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە پێکھاتبوون لە وشیار جلال دەربەندی، لێپرسراوی ناوەندی یەکێتی لە دانیمارک و شوان ھەولێری لێپرسراوی کەرتی ڕێکخستنی شاری ھۆیتاسترۆپ لە دانیمارک، سەردانی پەرلەمانی دانیمارکیان کردو لەگەڵ ھێنریک دام کریستیانسن، سەرۆکی پەرلەمان و گروپێکی سۆشیال دیموکراتەکان کۆبوونەوە.
لە سەردانەکەدا باس لە دروستکردن و پتەوکردنی پەیوەندیی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سۆشیال دیموکراتی دانیمارک کرا. سەرۆکی پەرلەمانی دانیمارک کە یەکێکە لەسەرکردە باڵاکانی سۆشیال دیموکرات و سیاسەتمەندارە بەتواناکانی دانیمارک، پێشوازی لەو دەستپێخەرییەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کردو بە ھەنگاوێکی گرنگی وەسف کرد کە لە داھاتوودا یەکێتی نیشتمانی کوردستان و سۆشیال دیموکراتی دانیمارک پێکەوە کار بکەن.
ھێنریک دام کریستیانسن، یەکێکە لەسەرکردە باڵاکانی سۆشیال دیموکرات و لە ژیانی سیاسی خۆیدا چەندین پۆستی ھەبووە لە ناو حکومەتدا و ئێستاش لەسەر لیستی سۆشیال دیموکراتی دانیمارک سەرۆکی ئەم خولەی پەرلەمانە.