رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافی مرۆڤی بڵاویکردەوە، لە سەقز زۆرترین قوربانی بەھۆی خۆپیشاندانەکانەوە تۆمارکراوە، کە دوو کوژراو و ١٧ بریندارن، ھاوکات لە دیواندرەش دوو کوژراو و ١٥ بریندار و لە مەھابادیش ١٥ بریندار و لە ھەریەک لە شارەکانی بیجاڕ و بۆکان حەوت و لە ھەریەک لە قورە و کامێران دوو بریندار تۆمارکراون، ھاوکات لە شارەکانی بانە و تیکاب چوار خۆپیشاندەر برینداربوون. 

بەپێی ئامارەکەی ھەنگاو، کۆی گشتی ئاماری کوژراوان و برینداران لە شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان تائێستا گەیشتووەتە چوار کوژراو و ٧٥ بریندار. 

لە دوێنێوە مانگرتنی سەرتاسەری لە سەرجەم شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان دژی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی دەستیپێکردووە و سەرجەم بازاڕ و دوکانەکان داخراون.

ژینا ئەمینی کچە کوردی تەمەن ٢٢ ساڵ رۆژی ١٣ی ئەم مانگە لە سەردانێکی خێزانیدا بۆ تاران بە بیانووی پابەندنەبوون بە رێکارەکانی باڵاپۆشی، لەلایەن پۆلیسی رەوشتەوە دەستگیرکرا و رۆژی ھەینی گیانی لەدەستدا، ئەوەش کاردانەوەی لێکەوتەوە.