ھاتوچۆی ھەولێر لەبارەی دەستبەسەرداگرتنی ماتۆڕسکیلەکان روونکردنەوە دەدات
کوردسات نیوز
١٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٢
فازڵ حاجی وتەبێژی بەرێوەبەرایەتی ھاتوچۆی ھەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە ٣٩٧ رووداوی ھاتوچۆ لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ، ٦٦ رووداویان بەھۆی ماتۆڕسکیلەوە بووە و ھەر رووداوێکیش ماتۆڕسکیلی تێدابووبێت ئەو رووداوە گیان لەدەستدان یان برینداری تێدا بووە، ھۆکاری ھەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی ماتۆڕسکیلە نایاساییەکانیش بۆ کەمکردنەوەی ئەو رووداوە نەخوازراوانە دەگەڕێتەوە.
لەبارەی راگرتنی سەرچاوەی ھێنانی ماتۆڕسکیل بۆ ھەرێمی کوردستان وتی، ئەوان وەکو ھاتوچۆ بەرپرسن لەوەی کاتێک دێتە سەرشەقام رێگری لێبکەن، بەڵام لایەنی تر ھەیە ئەو کارە بکات.
ئاشکراشیکرد، ھەر ماتۆڕسکیلێک بە شێوەی رەسمی لە دەروازەکانەوە ھێنرابێتە ناو ھەرێمی کوردستان و بەڵگەنامەی رەسمی ھەبێت دەستیبەسەردا نەگیراوە، بەڵام زۆرینەی ئەو ماتۆڕسکیلانەی ئێستا ھەن ھیچ بەڵگەنامەیەکیان نییە و نایاسایین.