وەزارەتی بازرگانی و پبشەسازی ھەرێم رایگەیاند، لەکۆبونەوەیەکدا لیژنەی بەدواداچوونی کرێی کارەبای کارگەکان، لەپێناو پەرەپێدانی کەرتی پیشەسازی و کارئاسانی بۆ بەرھەمھێنانی ناوخۆیی بڕیاردرا پێداچونەوە بەخشتەی پێدانی کارەبای کارگەکاندا بکرێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە، لە کۆبونەوەکەدا بەوردی داتا و ئاماری کارگە و پڕۆژەکانی وەبەرھێنان و بڕی مێگاواتی کارەبای پێویست و سودلێوەرگیراو خرانەڕوو، لەئەنجامدا بڕیاردرا بەپێی یاسای تۆماری کارگەکان و پلەبەندی کارگەکان مامەڵە بکرێت و کارەبای پێویستیان بۆ دابینبکرێت، ھەروەھا جیاکردنەوەی کارگەی مۆڵەتدار و و بێ مۆڵەت و ئەوکارگانەش لەکارکەوتون.

ئەوەش لە کاتێکدایە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ھەرێم لە رێگەی لیژنەیەکەوە میکانیزمی چارەسەری کێشەکان لە یاداشتێکدا ئامادە دەکات و دەیداتە لایەنی پەیوەنددار بۆجێبەجێکردن.