دەقی رونکردنەوەکە:

ئێوارەی دوێنی ھەریەکە لە ڕزگار محەمەد ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و کەریم عەلی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەبێ ھیچ نوسراوێکی فەرمی حکومەت و پەرلەمان و بەبێ ڕەزامەندی بەڕێوبەرایەتی مەرزی پەروێزخان ڕۆشتبونە نێو مەرزەکە، لەکاتی گەڕانەوەیان بە بازگەیەکی ھێزەکەمان لە نزیک مەرزی پەروێزخان تێپەڕیبوون کە ئەو ڕێگایە پێشتر کاری قاچاخی تێدا دەکرا لەلایەن کۆمەڵێک بەرپرسی حکومی و حزبیەوە. دواتر لەلایەن کارمەندانی بازگەکەوە بەوپەڕی ڕێزەوە داوای خۆناساندن لە ھەردوو ناوبراو کرا، لە وەڵامدا ڕزگار محەمەد بەکارمەندانی بازگەکەی ڕاگەیاندبوو، کە ئەو پەرلەمانتارە و حەسانەی ھەیە و ھیچ کەسێک بۆی نییە لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکات و پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلەکەی بکات لەکاتێکدا کاروانی ئۆتۆمبێلەکانیان پڕ لەچەک و جام تاریکبوون ئەمیش لەخۆیدا پێچەوانەی یاسایە، لەکاتی ئەم گفتوگۆیانەدا پاسەوانەکانی ھەردوو ناوبراو بەچەکەوە دابەزیبوون و بەچوار دەوری بازگەکە بڵاوەیان کردبوو و میلی چەکیان بەڕووی ھێزەکەمان ھێنابویەوە ! دواتر لەلایەن بەرپرسی بازگەکە کێشەکە چارەسەر کرا و میوانداری ئەو دوو بەڕێزەو پاسەوانەکانیان کرا و ھەر لەوێ و کۆتایی بەکێشەکە ھێنرا.

بەداخەوە دوای گەیشتنیان بەشاری سلیمانی ھەڵوێستی ئەوان گۆڕا و لەڕێگەی کەناڵ و دەزگاکانی ڕاگەیاندن کۆمەڵێ قسەی ناڕاست و تۆمەتیان بۆ ھێزەکەمان ھەڵبەست لەکاتێکدا ئەو دوو بەرپرسە خۆیان و پاسەوانەکانیان بەشێوەیەکی نایاسایی سەردانی مەرزەکەیان کردبوو، ئامانجشیان ڕوونە کە بۆ کاری گێرەشێوێنی بووە، ئەگەر ئەوان ھیچ شتێک لەخۆیان شک نابەن بۆ ڕێگەیان بەکارمەندانی بازگەکە نەدابوو پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلەکەیان بکرێت ؟ ھێزەکانی کۆماندۆی کوردستان لەسەر ڕاسپاردەی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەڕێز (قوباد تاڵەبانی) لەو بازگەیە جێگیرکراون بۆ بنبڕکردنی کاری قاچاخ و نایاسایی بۆیە ھەر کەسێک و ھەر لایەنێک بەو بازگەیەدا تێپەڕ بێت دەبێت پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلەکەی بکرێت، لامان سەیرە ئەو دوو بەرپرسە کارەکانیان پێچەوانەی یاسا بووە و باسی یاسا دەکەن ئەمەشیان کرد کەمپینێک بۆ دەرکەوتن و ناساندنی خۆیان.

ڕاگەیاندنی فەرمی ھێزەکانی کۆماندۆی کوردستان