لە رونکردنەوەکەی بەرێوەبەرایەتی ھاتوچۆی ھەولێردا ھاتووە، ئەمڕۆ لە تۆڕە کۆمەلایەتییەکان گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکرایەوە کەتیایدا دەردەکەوێت کارمەندێکی ھاتوچۆ دەستدرێژی دەکاتە سەر ھاوڵاتییەک، بۆیە وەزیری ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری بەدواداچونی بۆ ئەو ڕوداوە دەرکرد.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە لێکۆڵینەوەدا دەرکەوت روداوکە ھەفتەیەک بەر لەئێستابووە و لە کاتێکدا کارمەندەکە لە ئەرکدا بووە و ھاوڵاتییەکە قسەی نەشیاوی پێوتووە و ھێرشی کردووەتە سەری، چونکە ماتۆڕسکیلی لێسەندراوە، کارمەندەکەش وەکو کاردانەوەیەک لەھاولاتیەکەی داوە.

ئاشکراشیکرد، لەسەر فەرمانی وەزیری ناوخۆ کارمەندەکە بەندکرا لەگەڵ چەند سزایەکی تری سەربازی.

بەرێوەبەرایەتی ھاتوچۆی ھەولێر دەڵێت، "ئێمە لێرەوە دڵنیای ھاوڵاتیان دەکەینەوە لە خزمەتی ئەوانداین و بەھیچ شێوەیەک و لەژێر ھیچ بیانویەک ڕێگە بەکەس نادەین دەستدرێژیان بکاتە سەر و داوای لێبوردنیش لەو ھاوڵاتییە دەکەن ئەگەر بێ ڕێزیشی بەرامبەر بەکارمەندی ئێمە کردبێت."