فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، سەردانەکەی ژەنەڕاڵ (مایکل ئێریک کۆرێلا) بۆ رۆژئاوای کوردستان و کەمپی ھۆل، ئاماژەیەکە بۆ بەردەوامی پشتیوانییەکانی واشنتۆن بۆ ھەسەدە.

وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکاش راگەیاندووە، ئەوە بۆ یەکەمجارە کۆرێلا سەردانی کەمپی ھۆل دەکات و بە شێوەیەکی تایبەت گفتوگۆ لەگەڵ دانیشتوانی کەمپەکە دەکات.

ئێریک کۆرێلا فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا کە سەرپەرشتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەکات، رایگەیاندووە ، ھیچ چارەسەرێکی سەربازی بۆ کێشەی کەمپی ھۆل نییە و تاکە چارەسەریش گەڕانەوەی دانیشتوانی کەمپەکەیە بۆ وڵاتانی خۆیان، وتیشی، ھێزەکانی (ھەسەدە) بەردەوام دەبن لە ھەوڵەکانیان بۆ نەھێشتنی ھەڕەشەی داعش، بەڵام پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش پاڵپشتی ئەو ھەوڵە بکات.