بەھۆی فرۆشتنی بەنزینی خراپ ١٣ بەنزینخانە لە ھەولێر سزا دران
کوردسات نیوز
٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٢
پارێزگای ھەولێر رایگەیاند، لەم ھەفتەیەدا لەکۆی پشکنینی (٥٥) وێستگە، لەلایەن لیژنەی پشکنین و چاودێریکردنی بەنزینخانەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی ھەولێر، (١٣) بەنزینخانەی تر لەھەولێر و دەوروبەری بەھۆی دەستکاریکردنی کوالیتی بەنزین و خراپی ئەو بەنزینەی دەیفرۆشن بەھاووڵاتیان سزادراون و ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەر خاوەنەکانیان گیراوەتەبەر.
دەشڵێت، لەسەرەتای مانگی (٦)ی ئەمساڵ تاکو ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠٢٢.٩.٨، کۆی گشتیی ئەو بەنزینخانەی کە سزادراون (٢٥٥) بەنزینخانەن، لەو ژمارەیەشدا (٤) بەنزینخانەی تر بەھۆی زیاتر لەجارێک سەرپێچی و دەستکاریکردنی کوالیتیی و فرۆشتنی بەنزینی خراپ بەھاوڵاتییان، ناوەکانیان بڵاو دەکەینەوە.
پارێزگای ھەولێر راشیگەیاند، "لەئێستادا بەرھەمی بەنزینی جۆری ٨٠٠ دیناری نۆرماڵ بە کوالێتییەکی باش لەبەنزینخانەکاندا دەست دەکەوێت و لیژنەکانی بەدواداچوون و چاودێرییکردنی بەنزینخانەکانیش ھەوڵەکانیان چڕترکردۆتەوە بە مەبەستی کۆنترۆڵکردن و پاراستنی خەسڵەت و کوالێتیی بەنزین، دڵنییای ھاوڵاتییان و ھاوشاریانی خۆشەویستی شارەکەمان دەکەینەوە."
باسی لەوەش کردووە، لیژنەی پشکنین و چاودێریکردنی بەنزینخانەکان بەردەوامن لەگرتنە بەری ڕێکاری یاسایی پێویست بەرامبەر ھەر کەس و خاوەن بەنزینخانانەیەک کە بەنزینی خراپ بفرۆشێتە ھاوڵاتییان و دەستکاری کوالێتی بەنزین بکات، داواش لەھاووڵاتیان دەکەین ھاوکارمان بن و لەکاتی تێبینیکردنی ھەر جۆرە سەرپێچیەک، لەزووترین کات ئاگاداری قائیمقامیەتی ناوەندی ھەولێر بکەنەوە.