سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی: یەکێتی لەگەڵ ھەڵبژاردنە لە وادەی دیاریکراودا
کوردسات نیوز
٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٢
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
"بافڵ جەلال تاڵەبانی" سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە ھەولێر لەگەڵ وەفدێکی باڵای سیاسی و سەربازیی بەریتانیا بە سەرۆکایەتی"مارشاڵ سامی سامسپۆن"راوێژکاری باڵای سەربازیی بەریتانیا بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا کۆبووەوە و دوایین پێشھاتە سیاسی و ئابووری و ئەمنییەکان تاوتوێکران.
لە کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە یەکخستنی ھەوڵەکان کرایەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و رەخساندنی زەمینەیەکی لەبار بۆ گفتوگۆیەکی نیشتمانیی بەرھەمدار بە بەشداری ھێز و لایەنە سیاسییەکان لەپێناو تێپەڕاندنی بەربەستەکان.
سەبارەت بە پرسی ھەڵبژاردن لە ھەرێم، سەرۆک"بافڵ جەلال تاڵەبانی"رایگەیاند، یەکێتی لەگەڵ ھەڵبژاردنە لە وادەی دیاریکراودا بەو مەرجەی یاسای ھەڵبژاردن ھەموار بکرێتەوە، دەبێت یاساکەش لەگەڵ رەوشی ئەمڕۆی ھەرێم بگونجێت، بۆ ئەوەش پێویستیان بە سازانی نیشتمانی و رێککەوتنێکی ھەمەلایەنە ھەیە، داواشی لە بەریتانیا کرد، ھاوکارییەکانی بۆ ھێزی پێشمەرگە بەردەوام بێت.