وەزارەتی دارایی رەتیدەکاتەوە باجی یەک ساڵ لەو کۆمپانیایانە وەربگرێت کە ساڵانێک کاریاننەکردووە
٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٢
وەزارەتی دارایی و ئابوری لە رونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، دوای کۆبوونەوەی وەزیری دارایی لەگەڵ ژوری بازرگانی سلێمانی، دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە وەزارەتی دارایی بڕیاریداوە ئەو کۆمپانیایانەی ساڵانێکی زۆرە کارناکەن و سەردانی باجیان نەکردووە تەنیا باجی یەک ساڵیان لێوەردەگیرێت، بەڵام بەڕێوەبەرایەتی گشتی باجەکان و خانووبەرەی میری لە وەزارەتی دارایی، سەرلەبەری ئەو ھەواڵ و دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە.
وەزارەتی دارایی دووپاتیدەکاتەوە کە لەو کۆبوونەوەیەدا ھیچ بڕیارێکی لەم جۆرە نەدراوە و سەرجەم کۆمپانیاکان بەیاسا مامەڵەیان لەگەڵدەکرێت، ئەرکی کۆمپانیاکانیشە راپۆرتی ساڵانەی خۆیان پێشکەش بکەن، جا کار بکەن یاخود نا.
ھەروەھا رونیشکراوەتەوە، لەکاتێکدا باج دەکەوێتە ئەستۆی کۆمپانیا کەوا چالاکی ھەبێت و قازانجی کردبێت، بۆیە دووپاتیدەکەنەوە لەکاتی وەستانی کارەکانی ھەر کۆمپانیایەک پێویستە کۆمپانیا ئەرکی یاسایی خۆی ئەنجامبدات و راپۆرتی دارایی خۆی پێشکەش بکات.