بەڕێوەبەری ناحیەی خورماڵ رەتیدەکاتەوە شاخی سورێن بۆردومان کرابێت
٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٢
فەرەیدون مەحمود بەڕێوەبەری ناحیەی خورمال بە ” کوردسات نیوز “ ڕاگەیاند، ئەمڕۆ لە پشت شاخی سورین ئاگرێک لە خاکی ئێران کەوتووەتەوە و بەپێی ئەو زانیاری و بەدواداچوونانەی ئەوان کردوویانە بەماوەیەکی کورت توانراوە ئاگرەکە کۆنترۆڵبکرێت.
راشیگەیاند، ئەوەی کە ھاووڵاتیان ھەستیان بەبوونی ئاگر و دووکەڵ لە شاخی سورین کردووە لە دیوی ئیران بووە، نەک لە سنوری ھەرێمی کوردستان، بۆیە ئەو ھەواڵانە رەتدەکەنەوە کە باس لە بۆردومانکردنی شاخی سۆرین دەکات لەلایەن تورکیاوە.
بەڕێوەبەری ناحیەی خورماڵ دڵنیایش دەداتە ھاووڵاتیانی ناوچەکە و دەڵێت، ھیچ جۆرە بۆردومانێک لە ناوچەکەدا رووینەداوە و ھەواڵی لەو شێوەیەش ھیچ بنەمایەکی راستی نییە.
ئەو لێدوانەی بەڕێوەبەری ناحیەی خورماڵ لە دوای ئەوە دێت، کە لە سوشیال میدیا وابڵاوکرایەوە کە گوایە شاخی سۆرین لەلایەن تورکیاوە بۆردومان کراوە.