ماوەیەکە کۆمەڵێک کەس بەناوی ڕۆژنامەنوس و چالاکوان کە دانیشتووی وڵاتانی ئەوروپان پەیوەندی بە بەرپرسانی حزبی و حکومی و کەسایەتییە دیارەکان و تەنانەت مامۆستایانی ئاینیشەوە دەکەن ودەنگەکانیان تۆماردەکەن و لەکاتی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان پرسیاری ناشایستە و دوور لەھەر کارێکی ڕۆژنامەوانی لەو کەسانە دەکەن و دواتر دەنگەکان بڵاودەکەنەوە بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆش دەڵێت"ئەوانەی بەناوی ڕۆژنامەنوسەوە دەنگی بەرپرسان تۆماردەکەن و بڵاوی دەکەنەوە، پێچەوانەی ھەموو ئەخلاقێکی کاری ڕۆژنامەوانییە.

دیاری محەمەد، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند، بەگویرەی یاسا بەرکارەکان ھەموو ڕۆژنامەنوس و چالاکوانێک کە بەراستی پیشەی ڕۆژنامەنوس بێت مافی ئەوەی ھەیە کە پەیوەندی بەھەر کەس و لایەنێک بکات بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر ئەو بابەتەی کە دەیەوێت زانیاری لەبارەوە وەربگرێت، ھاوکات پاش وەرگرتنی ڕەزامەندی کەسی بەرامبەر ئەو زانیارییانەی کە وەریانگرتووە لە تۆمارکردنی دەنگ دەتوانن بڵاوی بکەنەوە، بەڵام ئەگەر کەسی بەرامبەر ڕازی نەبوو بەبڵاوکردنەوەی ئەو دەنگە یاخود ئەو زانیارییە پێویستە ئەو ڕۆژنامەنوسە ئەو کارە نەکات و نابێت بڵاوبکرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر زانیارییەک یاخود دەنگێکی تۆمار کراو بڵاوبکرێتەوە و ڕەزامەندی کەسی بەرامبەر لەسەر نەبوو ئەوا پێچەوانەی کاری یاسی ڕۆژنامەنوسی و ھەروەھا پێچەوانەی یاسای سزادانی عێراقیشە، بۆیە ئەوەی ئێستا ھەیە ماوەیەکە کۆمەڵێک کەس بەناوی ڕۆژنامەنوس و چالاکوان ھەڵدەستن بە تۆمارکردنی دەنگی بەرپرسان و کەسایەتییە دیارەکانی ھەرێمی کوردستان و دواتر بڵاوکردنەوەی دەنگەکانیان ناگونجێت لەگەڵ پیشەیی بوونی کاری ڕۆژنامەنوسی.

بەرێوەبەری سەنتەری میترۆ ئەوەشی خستەڕوو، ئەوەی ئێستا ھەیە بۆ ئامانجی تەشھیرکردن و شکاندنی کەسایەتی ئەو کەسانەیە کە پەیوەندییان پێوەدەکرێت و دواتر لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەنگەکانیان بڵاودەکرێتەوە ئەمە پێچەوانەی ھەموو ئەخلاقێکی کاری ڕۆژنامەنوسییە و پێچەوانەی یاسابەرکارەکان و عورف و عاداتی کۆمەڵگاشە.