وردەکاری رووداوەکەی قەزای قەرەداغ
کوردسات نیوز
٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٢
مەریوان عەبدوڵا پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، بەپێی زانیارییەکانی پۆلیس و ئاسایش کە پێیاندراوە، کەسێک بە ماتۆڕسکیل بە یەکێک لە بازگەکانی قەزای قەرەداغدا تێپەڕیووە، داوای ناسنامەی لێکراوە، بەڵام ھەڵاتووە و چووەتە نێو ماڵێکەوە و بە نارنجۆک ھێرشی کردووەتە سەر ھێزە ئەمنییەکان.
وتیشی، بەپێی دواین زانیارییەکان ١٠ کەس لە رووبەربوونەوە لەگەڵ تۆمەتبارەکەدا بریندار بوون، کە نۆیان لە ھێزە ئەمنییەکانە و بریندارێکیشیان ھاوڵاتییەکە و گەیاندراونەتە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی.
ئاشکراشیکرد، ئەو کەسەی رووبەڕووی ھێزە ئەمنییەکان بووەتەوە کوژراوە و لە ئێستادا تەرمەکەی لە پەیمانگای پزیشکی دادی سلێمانییە، بەپێی زانیارییەکانیش گومان دەکرێت تیرۆریست یان کەسێکی داواکراو بێت.
سەرچاوەیەکی تایبەت لە ئاسایشی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەو کەسەی کە ئەمشەو لە قەزای قەرەداغ کوژرا کوردە و ھەڵگری بیری توندڕەویی بووە، کە لە ٢١ مانگی رابڕدوو ماڵی خۆیانی بەرەو شوێنێکی نادیار بەجێ ھێشتووە و پێشتریش پێشینەی تاوانی ھەبوەو لەلایەن دادگاوە داواکراوە.