حکومەتی عێراق بڕیاری ناردنی نەوتی سپی بۆ پارێزگای سلێمانی دەدات
کوردسات نیوز
٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٢
د. بڕیار رەشید ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، بۆ جاری دووەم لەم ھەفتەیدا لەگەڵ د.ئیحسان عەبدول جەبار وەزیری نەوتی حکومەتی فیدڕاڵ کۆبوونەوە و وەزیری نـەوت بڕیاریدا بەشە نـەوتی سپی پێویست بۆ پارێزگای سلێمانی دابین بکات و بڕەکـەی لە پانزە ملیۆن لیتر زیاتربێت و پێشھاتنی وەرزی سەرما بگاتە سلێمانی و دابەشبکرێت.
وتیشی، بەدواداچوونیان کردووە بۆ داواکارییەکی پێشووتریان لەسەر زیادکردنی بەشە بەنزینی سلێمانی، کە پێشتر وەزیری نەوت رەزامەندی لەسەر دابوو، بەڵێنیدا بەشی زیادکراوی بەنزین لە جۆری نۆرمال بە کوالیتی و نرخی پارێزگاکانی تری عێراق لە ھەفتەی داھاتوو راستەوخۆ رادەستی پارێزگای سلێمانی دەکرێت.