لەکۆبوونەوەکەدا کە رۆژی یەکشەممە ٤ی ئەیلولی ٢٠٢٢ بەڕێوەچوو، دوای ئەوە ھات کە قوباد تاڵەبانی لە رۆژی ٢٦ی حوزەیرانی رابردوو لەگەڵ وەبەرھێنەرانی سلێمانی کۆبووەوە و تیایدا وەبەرھێنەران رەخنە و گلەییان ھەبوو لە چۆنییەتی ھەڵسوکەوت و مامەڵەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی سلێمانی.

لە کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆک وەزیران نیگەرانی خۆی دەربڕی لە سستی بەڕێوەچوونی کاروباری وەبەرھێنەران لە فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی سلێمانی و رایگەیاند ھاوڵاتیان خۆیان بە دەست کۆمەڵێک کێشە و قەیرانەوە دەناڵێنن، بۆیە مایەی قبوڵکردن نییە بارگرانی سەرشانی ھاوڵاتیان و وەبەرھێنەران زیاتر بکەن. وتیشی ئەو بەڕێوەبەرەی خەمساردی لەکارەکانی دەکات بابچێتەوە ماڵەوە.

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا کە رێگە نادرێت جوڵەی بازرگانی لە سلێمانی لەوە زیاتر لاواز بکرێت و وەبەرھێنەران ناچاربکرێن سەرمایەکانی خۆیان ببەنە دەرەوە، چونکە بەمە زیانی گەورە بەر سلێمانی کەوتووە و دانیشتوانی شارەکە  بە ھەزاران ھەلی کاریان لە کیس چووە. باسی لەوەشکرد کاتێک پڕۆژەی وەبەرھێنەرێک دێتە بەردەستتان، ئێوە وەک وەرقەیەکی سادە سەیری دەکەن، کەچی ژیان و قوتی سەدان کەس بەو وەرقە سادەوە گرێدراوە و لەوانەیە تەنھا بەھۆی کەمتەرخەمی بەڕێوەبەرێکەوە سەدان ھەلی کار لە کیس بچێت.

ھەرلەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆکوەزیران ھۆشداریدایە بەڕێوەبەرایەتییەکانی سلێمانی کە چیتر ئەم دۆخە قبوڵ ناکات و راشکاوانە رایگەیاند لێرە بە دواوە ھیچ جۆرە خەمساردی و کەمتەرخەمییەک لەھیچ بەڕێوەبەر و بەرپرسێک قبوڵ ناکات، تیمێکی چاودێری پێکھێناوە و خۆی سەرپەرشتی تیمەکە دەکات.

قوباد تاڵەبانی داواشی لێکردن ھەر لە دوای کۆبوونەوەکە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکان وەک یەک تیم کاربکەن بۆ ئەوەی ھەماھەنگی تەواو لەناو خۆیاندا دروست بکەن تاکو لەماوەی کەمتەر لەمانگێک سەرجەم پڕۆژەکان بکەونە کار. جەختیشی کردەوە خۆی راستەوخۆ ئاگاداری پڕۆژەکان دەبێت و لەھیچ کەس و لایەنێک قبوڵ ناکرێت سەرانە و بەرتیل وەربگرێت.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆک وەزیران پشتگیری تەواوی خۆی بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکان دەربڕی بۆ ئەوەی بەپێی یاسا ھەموو دەسەڵاتەکانی خۆیان بەکاربھێنن بۆ کارئاسانیکردن و ڕاییکردنی کاروباری وەبەرھێنەران و ھاوڵاتیان و راشیگەیاند بۆ ھەر کارێکی باش کە خزمەت بە ھاوڵاتیان بکات بە تەواوی توانایەوە پشتیوانیان دەبێت و رووبەڕووی ھەر کەسێکیش دەبێتەوە کە بۆ کاری نایاسایی فشاربخاتەسەر بەڕێوەبەرایەتییەکان و دەستوەردان لە کارەکانیاندا بکەن.

قوباد تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاری دا کە بۆ ئەم پڕۆژانەی لەبەرەستی بەڕێوەبەرایەتییەکاندان، ھیچ وەبەرھێنەرێک نابێت خۆی فەرمانگە بە فەرمانگە بگەڕێت تا کارەکانی جێبەجێ ببێت، بەڵکو دەبێت بەڕێوەبەرایەتییەکان خۆیان میکانیزمێک بدۆزنەوە و ئەگەر پێویستی کرد فەرمانبەرەکانیان رابسپێرن تا بە دوای جێبەجێکردنی کاری وەبەرھێنەران لە فەرمانگەکانی دیکە بکەون.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی جەختیکردەوە لەسەر پێویستی رێکخستنەوەی دەوام لە فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی سلێمانی و ئاماژەی بەوەدا کە رۆژانە گلەیی و رەخنەی ھاوڵاتیانی پێدەگات و ئاگادارە کە ھاوڵاتیان لە مامەڵەی فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکان رازی نین. لەمبارەیەشەوە رایگەیاند پێویستە بە زووترین کات بەڕێوەبەرایەتییەکان پێداچوونەوەیەک بە چۆنییەتی راپەڕاندانی کاروباری ھاوڵاتیاندا بکەنەوە کە زۆرترین ئاسانکاری تێدابێت.

جێگری سەرۆک وەزیران باسی لەوەشکرد ئەگەر بەڕێوەبەرێک یان فەرمانبەرێک ناتوانێت دڵسۆزانە کاری ھاوڵاتیان جێبەجێ بکات و پابەندبێت بە کاتی دەوامەکەیەوە، با خۆی دەست لەکاربکێشێتەوە، چونکە خەڵکی دڵسۆزی دیکە ھەیە لە جێی ئەوان خزمەتی ھاوڵاتیان بکەن.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاند خەڵکی سلێمانی ماندوون و ناڕازین، بۆیە ھەر بەڕێوەبەرێک با نەک لەبەر قسەی قوباد تاڵەبانی، بەڵکو لەبەر خاتری ئەو خەڵکە ماندووە ھەست بە بەرپرسیارێتی بکات و دڵسۆزانە خزمەتی ئەو خەڵکە بکات. وەبیریشی ھێنانەوە کە نابێت پۆستەکانیان وەک ئیمتیاز سەیر بکەن، بەڵکو پۆستیان پێدراوە تا خزمەتی خەڵک بکەن. جەختیشیکردەوە رەزامەندی خەڵک لەسەروو ھەموو شتێکەوەیە و چیتر رەزامەندی خەڵک ناکرێتە قوربانی کەمتەرخەمی ھیچ بەرپرسێکەوە.