سەرۆکایەتی ماڵی ئێزدی لە ئۆڵدنبۆرگ پیرۆزبایی لە سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی دەکات
٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٢
دەقی پیرۆزباییەکە :
بەڕێز بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
لە رێگەی میدیا کوردییەکانەوە زانیمان کە لە دوا کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا بە سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھەڵبژێردراون.
بەناوی دەستەی کارگێڕیی و ئەندامانی دەستەکەمانەوە و بە دڵێکی گەرمەوە پیرۆزبایی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانت لێ دەکەین و ھیوادارین کە قۆناغێکی نوێ لە رێکەوتن و خۆشەویستی و سەقامگیریی لە پەیوەندیی نێوان حزبە سیاسییەکانی کوردستاندا دەستپێبکات.
پێمانوایە ئێستا کاتی ئەوە ھاتووە و گەلەکەشمان گەیشتۆتە ئەوەی درک بەوە بکات کە کورد گەلێکی خاوەن متمانەیە بە چاوپۆشی لەوەی کە بە چ دیالیکتێک دەدوێن و بە چ شێوە ئەلفبێیەک دەنووسن یاخود لە چ بەشێکی نیشتماندا یان لە دەرەوە دەژین، بۆیە پێویستە رەچاوی بەھا و نەریت و راستگۆیی و ھاوشانی و پشتیوانییان بگیرێت.
کوردستان کە مۆزایکێکی تێکەڵەیە لە بیروباوەڕ و کەمینە، گەلی کوردستانیش ھەروەھا فرە رەنگە بە بیروباوەڕ و بۆچوونەکانی.
کورد و ھەموو ئەو پێکھاتانەی کە لەسەر خاکی کوردستان دەژین بە رۆژگارێکی سەخت و مەینەتباردا تێپەڕیون و تا رۆژگاری ئەمڕۆمان بە دەست ئاستەنگی زۆرەوە دەناڵێنن، ئێمە یەکێتیی حزب و ھێزە سیاسییەکان بە پێویستییەکی ھەنووکەیی دەزانین لە پێناوی ژیانێکی ئازاد و شکۆمەندانەدا.
بەو شێوەیەش واتان لێ چاوەڕوان دەکەین کە ھاوکاریی یەکتریی بکەن لەپێناوی گەڕانەوەی ئێزدییەکان بۆ پێش ٢٠١٤ بۆ شەنگال و کۆتاییھاتنی ئەو ژیانەی گەلەکەمان لەناو کەمپەکاندا.
ھیچ گومانیشمان نییە لەوەی کە سەرۆک و کادران و پەرلەمانتارانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ناھێڵن مافی ئێزدییەکان بفەوتێت.
دووبارە پیرۆزباییتان لێ دەکەین بە بۆنەی ھەڵبژاردنتان بە سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ھیوای سەرکەوتنتیان بۆ دەخوازین لە خەباتەکەتاندا، ھەروەک ئومێدەوارین تەندروست و بەھێز بن لە دەرکردنی بڕیاری باشدا.
لەگەڵ سڵاو و رێزماندا
سەرۆکایەتی ماڵی ئێزدی لە ئۆڵدنبۆرگ