ھەسەدە و ئاسایشی ناوخۆی باکور و رۆژھەڵاتی سوریا رایانگەیاند/ لە ھەفتەی یەکەمی قۆناغی دووەمی ئۆپراسیۆنی مرۆیی و ئەمنی  لە کەمپی ھۆل و  دوای پشکنینی زیاتر لە ٥٠%ی  کەمپەکە، ١٢١ کەس بەتۆمەتی پەیوەندی بە داعشەوە دەستگیرکراون کە ١٥یان ژنن، ١٦ تونێلیش ئاشکراکراون کە لەلایەن شانە نوستوەکانی داعشەوە بۆ خۆشاردنەوە بەکاریانھێناوە.

ھەروەھا ١١٩ خێوەت لابراون کە وەک شوێنی مەشق و دادگای شەرعی و  ئەشکەنجەدان بەکارھێنراون و دەستیش بەسەر ٤٨ مۆبایل و لاپتۆپێک و دوو ھارددا گیراوە.

ھەسەدە و ئاسایشی باکور و رۆژھەڵاتی سوریا راشیانگەیاند، بە پێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەرکەوتووە، دەستگیرکراوان پەیوەندییەکی بەھێزیان لەگەڵ شانە نوستوەکانی دەرەوەی کەمپەکەدا ھەبووە.