سندوقی شار بۆ بەتەنگەوەچوونی سێکتەرە گرنگەکانی سلێمانی پێشنیاز کرا
١ی ئەیلوولی ٢٠٢٢
شاناز ئیبراھیم ئەحمەد لە کاروباری وەبەرھێنەران و بەڵێندەران و بازرگانانی سلێمانی دەکۆڵێتەوە
شاناز ئیبراھیم ئەحمەد لەدوو کۆبوونەوەی جیادا لەگەڵ بەڵێندەران و وەبەرھێنەران و بازرگانان ھەوڵەکان بۆ سەرلەنوێ بوژاندنەوەی کەرتی ئابوری تاوتوێ دەکات و پشتیوانی یەکێتییان بۆ دەردەبڕێت.
لەمیانی ئەو کۆبوونەوانەدا کە ئەمڕۆ پێنج شەممە ١ی ٩ی ٢٠٢٢ ، لەھۆڵی دادە ھێرۆ لەبارەگای مەڵبەندی ١ی رێکخستنی سلێمانی بەرێوەچوو، شاناز ئیبراھیم ئەحمەد کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و سەرپەرشتیاری مەڵبەندەکانی (سلێمانی، چەمچەماڵ، شارەزوور، گەرمیان و راپەڕین)ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، تاوتوێی شێوازی دۆزینەوەی میکانیزمی پێویستی کرد بۆ کاراترکردنی کارەکانی وەبەرھێنەران و بەڵێندەران و بازرگانان بۆ خزمەتکردنی شاری سلێمانی و جێبەجێکردنی پرۆژەکانیان لەپێناو جوڵاندنی بازاڕی کار و وەگەڕخستنی سەرمایەکانیان، ھاوکات بەووردی گفتوگۆ کرا لەبارەی ئاستەنگەکانی بەردەم جموجوڵی بازرگانی لەسنوری سلێمانی و کێشەی بازرگانان و خاوەن کارە خۆماڵییەکان.
لەکۆبوونەوەکەدا، وەبەرھێنەران و بەڵێندەران و بازرگانانی سلێمانی راشکاوانە باسیان لەو کێشانە کرد کە رووبەڕوویان دەبێتەوە و بۆ ئەوەش داوایان کرد کە خاتوو شاناز وەک دڵسۆز و خەمخۆرێکی سلێمانی پشتیوانیان بێت تا زەمینەی لەبارتر بۆ کارکردنیان بێتەکایەوە و بەدڵنیاییەکی زیاترەوە سەرمایەکانیان بخەنە خزمەت جێبەجێکردنی پرۆژەکانەوە.
دوای گوێگرتن لەگرفت و پێشنیازەکانیان، شاناز ئیبراھیم ئەحمەد پێی راگەیاندن وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەرۆشین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانتان بەمەبەستی ھاندان و پشتیوانیی بۆ بەردەوامیدان بەکاروانی خزمەت لەپێناو رەخساندنی ھەلی کار و جوڵاندنی بازاڕ و بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابوری تا بازاڕی کار لەسلێمانی جموجوڵی ئاسایی خۆی بەخۆوە ببینێتەوە و بەبنیاتنان و ئاوەدانی لەسێکتەرە جیاوازەکاندا، خۆشگوزەرانی بۆ کۆمەڵانی خەڵکی خۆمان فەراھەم بکەین.
ھاوکات شاناز ئیبراھیم ئەحمەد لەگەڵ بەڵێندەران و وەبەرھێنەران بیرۆکەی دانانی (سندوقی شار)ی پێشنیازکرد تا بەتەنگ سێکتەرە گرنگەکانی پایتەختی رۆشنبیرییەوە بچن و بەھەوڵی ھەموو لایەک شاری شاران ئاوەدانتر بکرێتەوە و کلتور و شارستانیەتی بپارێزرێت.
شاناز ئیبراھیم ئەحمەد وتیشی، دەبێ حکومەت بەدەنگ داواکاری بازرگانانەوە بچێت و دەرفەت بڕەخسێنێت بۆ وەبەرھێنانی ناوخۆیی و متمانە لای وەبەرھێنەران و بەڵێندەران دروست بکات، بەجۆرێک خستنەگەڕی سەرمایەکانیان و بەھێزکردنی سێکتەری بازرگانی و پیشەسازی و کشتوکاڵی ھەرێمی لێبکەوێتەوە.
کۆبوونەوەکان بەخستنەڕووی پێشنیازی وەبەرھێنەر و بەڵێندەران و بازرگانان کۆتایی ھات.