لە راگەیەندراوێکدا تیمی پارێزەرانی زیندانیانی بادینان ئاماژەیان بەوەکردووە، لەبەر پاراستنی دۆخی تەندروستیان و وەکو پرسێکی مرۆڤایەتی زیندانیانی بادینان مانگرتنەکەیان بشکێنن و رێکارە ئیدارییەکان بۆ گواستنەوەی زیندانیانی بادینان بۆ چاکسازی گەورانی سلێمانی بکرێت کە مافێکی ئاسایی و یاسایی خۆیانە و داواکەش پێشکەشی بەرێوەبەرایەتی چاکسازی ھەولێر کراوە.

 ئاماژە بەوەشدراوە، بەبیانووی جیاواز و نا مەنتقی رێگری لە پارێزەران و ئەندامانی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمان و دامەزراوەکانی دیکە دەکرێت سەردانی سزادراوانی بادینان بکەن، بۆیە داواکراوە لایەنی پەیوەندیدار رێگربن لە سزادانی زیندانیانی بادینان و وەکو پرسێکی یاسایی و بەپێ پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. 

پارێزەرانی زیندانیانی بادینان جەختیشیان کردووەتەوە لەوەی کە لایەنێکی سیاسیەی لەپشت سزادانی زیندانیانی بادینانە لە ھەولێر و بەسەر ھەموو دامەزراوەیەکدا زاڵە، ھەربۆیە دەیانجار ئەو گیراوانە سزادراون و بێبەشکراون لە چەندین مافی سەرەتاییان.

ئەوەش داواکاریەش لە دوای ئەوە دێت کە رۆژی چوارشەممە، دوای داوکاری گشتی، دادگای کەتنی دەشتی ھەولێریش ئازادکردنی مەرجداری بۆ پێنج دەستگیرکراوی شیلادزێ رەتکردەوە، کە ماوەی زیاتر لە مانگێکە مانیان لە خواردن گرتووە.