بەرێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، ئەمڕۆپێنجشەممە لیژنەی دیاریکردنی نرخی موەلیدە ئەھلییەکان کۆبوەوە، بە گوێرەی نرخی گازوایل نرخی کاتژمێرێک ئەمپێری موەلیدە بە (٦٥) دینار بۆ مانگی ئاب دیاریکرا، کەبە تێکڕایی موەلیدە ئەھلییەکان لەنێوان (٢٨٠) بۆ (٣٠٠) کاتژمێڕ کاریان کردوە، بەمەش نرخی ئەمپێرێک کارەبا لەنێوان (١٨) ھەزار بۆ (١٩) ھەزار و (٧٥٠) دینار دەبێت و نرخی ئەمپێرێکیش لە گەڕەکێک بۆ گەڕەکێکی دیکە جیاوازە بەو پێیەی بەپێی ئەو پێوەرە ھەژماردەکرێت کەبۆ موەلیدەکان دانراوە و کاتژمێڕی کارکردنیان تۆماردەکات.


ئاماژەی بەوەشکرد، سەبارەت بە بەرنامەی کارکردنی موەلیدەکان بۆ مانگی ئەیلول، ھەرکاتێک کارەبای نیشتمانی کوژایەوە پێویستە موەلیدە ئەھلییەکان کارەبا بۆ ھاوڵاتیان دابین بکەن، لەکۆبوونەوەکەشدا ئەو خاڵە دووپاتکرایەوە، کە پێویستە پاش کوژانەوەی کارەبای نیشتمانی (١٠) خولەک زیاتر بەسەر کارپێکردنی موەلیدە تێنەپەڕێت، بەپێچەوانەوە سەرپێچیکار روبەڕوی یاسا دەکرێتەوە.