مەکتەبی سیاسیی بزوتنەوەی دیموکراتیی ئاشووری، لە پەیامێکی پیرۆزباییدا دەڵێت، بەڕێز بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەرکردایەتی و جەماوەری بزوتنەوەی دیموکراتیی ئاشووری، دڵخۆشن بە پێشکەشکردنی گەرمترین پیرۆزبایی، بەبۆنەی ھەڵبژاردنتان بە سەرۆکی یەکێتی و وەرگرتنی متمانە لە سەرکردایەتیی یەکێتی، لەم رەوشە سیاسییە سەختە و چەقبەستووەی کە نیشتمانەکەمان و ھەرێمی کوردستانی تێدایە.

دەشڵێت، ھیوادارن لە کاتی سەرکردایەتیکردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رێبازەکەی مام جەلال تێدا بەردەوام و ئامادە بێت و سەرکەوتووبن لە سەرکردایەتیکردنی یەکێتی، لە بەدەستھێنانی خواستە رەواکانی گەلی کورد.

مەکتەبی سیاسیی بزوتنەوەی دیموکراتیی ئاشووری، داواش لە ھەمووان دەکات کار بکەن بۆ گەڕاندنەوەی رەوشەکە بۆ رێڕەوی سروشتی خۆی بە تەواوکردنی بنیادنانی سیستمێکی دیموکراسیی دادپەروەر و بەدەستھێنانی ھاوبەشیی نەتەوەیی و نیشتمانی و نوێنەرایەتیکردنی پێکھاتەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق، بە شێوەیەکی دادپەروەر.