کەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت، لەگەڵ ئیرڤین ھیکس کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە ھەولێر کۆبووەوە و باسیان لە ھەماھەنگی نێوان تیمی کونسوڵخانەی ئەمریکا و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و پڕۆسەی بەرھەمھێنان و ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان کردووە و رایگەیاندووە، بەرھەمھێنان و ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم یاسایی و دەستوورییە.

ھاوکات کونسوڵخانەی ئەمریکا لە ھەولێر رایگەیاند، پشتگیریی گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی ھەرێم و حکومەتی عێراق لەبارەی بەرھەمە نەوتی و گازییەکان دەکەن و ھاوڕان ئەو گرێبەستە نەوتییانەی کە ھەن دەبێت رێزیان لێبگیرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە ھەفتەی رابردوو ئاژانسی ھەواڵیی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، کۆمپانیای سۆمۆی عێراق بە نامەیەک ھەڕەشەی گرتنەبەری رێکاری یاسایی توند دژی کڕیارانی نەوتی ھەرێمی کوردستانی کردووە، لە بەرامبەریشدا وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ھەرێم وەڵامی کۆمپانیای سۆمۆی دایەوە و رایگەیاند، نامەکەی سۆمۆ ھیچ نییە جگە لە دڵۆپێکی دیکە لە رژاندنی زانیاری ناڕاست وەک بەشێک لە شەڕێکی سیاسی.

دادگەی فیدڕاڵیی عێراق لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا، بە بڕیارێک یاسای نەوت و گازی ھەرێمی کوردستانی بە نادەستووری ناساند.