دەقی پەیامەکە:

ئەمڕۆ یادی خەمی نیشتمانی و کارەساتی نەتەوەیی ٣١ ی ئابە کە شەڕی ناوخۆ و ناکۆکی سیاسی لە وڵاتەکامانی گەیاندە لوتکە و خیانەتێکی مێژوویی لێکەوتەوە، وەختێک سوپای بەعسی فاشی، لە ٣١-٨- ١٩٩٦ھەولێری پایتەختی حوکمرانی کوردستانی داگیر کرد بە ھاوکاری ھێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان.

دوای چەندین ناکۆکی و ناخۆشی شەڕی براکان، گەلەکەمان و کەسوکاری شەھیدان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش ئەم برینە قووڵەیان بە پێکەوەیی و ویستی یەکریزی کوردەواریی گۆڕییەوە و لاپەڕەی خەمناکی ناکۆکیان سپارد بە ئاشتی و ئاوەدانی و پێکەوە بەرەنگاری ھەڕەشەکانی سەر میللەتەکەمان.

ئەمڕۆش ھەمان ویست و پێویستی لە ئارادایە، کە ھەڕەشەی سەر کۆی پرۆسەی سیاسی عێراق بە کوردستانیشەوە وامان لێدەخوازێت بەرەی ناوخۆیی کوردستانی پتەو بکەین، بۆ ئەوەی پێکەوە ھەموو لایەنەکانی کوردستان بپەرژێنە سەر ئەرکەکانی قۆناغی داھاتوو، کە داکۆکییە لە مافەکانی گەلەکەمان لە عێراقێکی دیموکرات ، فیدراڵ و تەوافوقیدا.

نەمری بۆ سەرجەم شەھیدانی ٣١ ئاب و تەواوی شەھیدانی گەلەکەمان.

مەکتەبی راگەیاندن
٣١-ی ئابی ٢٠٢٢