لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی دووشەمە ٢٩ی ئابی ٢٠٢٢ لە ھەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا کۆنسوڵی چین لە ھەولێریش ئامادەبوو، کوی ووی باڵیۆزی چین خواستی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەربڕی و رایگەیاند پێشوازی دەکەن لەوەی لەھەردوو بواری ئابوری و کلتورییەوە پەرە بە ھاوکاری و ھەماھەنگییەکانی نێوان چین و ھەرێمی کوردستان بدرێت. 

لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی باسی دۆخی ھەرێمی کوردستانی کرد و رایگەیاند لە ئێستادا داواکاری یەکەمی خەڵکی کوردستانیش باشترکردنی دۆخی خزمەتگوزارییەکانە و کەمتر گرنگی بە کێشە سیاسییەکان و ململانێی سیاسیی نێوان لایەنەکان دەدەن. ئاماژەی بەوەشدا لەگەڵ ئەوەی حکومەتی ھەرێم لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا لەڕووی چاکسازییەوە ھەنگاوی گرنگی ناوەوە و قۆناغی باشیشی بڕیوە بەرەو حکومەتی ئەلەکترۆنی، بەڵام ئەم ھەنگاوانە لەئاستی چاوەڕوانی خەڵکدا نەبووە و  خەڵک خزمەتگوزاری باشتر و رێگاوبانی باشتر و ھەلی کاری زیاتری دەوێت.

ھەر لەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند ھەرێمی کوردستان ژێرخانی ئابورییەکی بەھێزی نییە، ھەربۆیەشە گەشەپێدانی ئابوری بە خاوی دەچێتە پێشەوە. داوایکرد کۆماری چین لەمڕووەوە ھاوکار و یارمەتیدەری ھەرێمی کوردستان بێت، بە تایبەتیش ھانی کۆمپانیا و وەبەرھێنەرەکانی بدات لە بوارەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵدا لە ھەرێمی کوردستان وەبەرھێنان بکەن. ئامادەیی حکومەتی ھەرێمیشی دەربڕی بۆ ھەموو جۆرە ھاوکاری و ئاسانکارییەک بۆ ئەو کۆمپانیا و وەبەرھێنەرانەی چین کە ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی باسی لە پێویستی دروستکردنی پەیوەندیی و ھەماھەنگی لەنێوان زانکۆکانی چین و ھەرێمی کوردستانی کرد و داوایکرد لە زانکۆکانی چین دەرفەتی زیاتر بۆ خوێندکارانی ھەرێمی کوردستان دابین بکرێت.