شاناز ئیبراھیم ئەحمەد: خزمەتکردنی چین و توێژە جیاجیاکان ئەرکی سەرشانی کادرانی یەکێتییە
٢٩ی ئابی ٢٠٢٢
ئەمڕۆ ٢٩ی ئابی ٢٠٢٢، شاناز ئیبراھیم ئەحمەد ھاوڕێ لەگەڵ جەزا سەید مەجید لێپرسراوی مەڵبەندی یەکی رێکخستنی سلێمانی، بەشەکان و کادرانی ناو مەڵبەندی رێکخستنی سلێمانی بەسەرکردەوە و پوختەیەکی لەبارەی بارودۆخی ئێستا و دوایین گۆڕانکارییەکانی سەر گۆڕەپانی سیاسی ھەرێمی کوردستانی پێشکەشی کادران کرد، و بەرچاو ڕوونی پێویستی دا لەبارەی ئەرکەکانی ئەم قۆناغە لەڕووی خۆرێکخستنەوە و نوێکردنەوەی ریزەکانی یەکێتی بەڕەچاوکردنی پرەنسیپی رێکخراوەیی و جوڵە سیاسییەکانی ئایندەی یەکێتی لەسەرجەم بوارەکانی پەیوەست بەژیانی حزبی یەوە.
شاناز ئیبراھیم ئەحمەد لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا، لەبارەی ئەرک و بەرپرسیارێتی کادر و ھەڤاڵانی ئۆرگانەکان لەم قۆناغەدا دوا و رایسپاردن کە ھەمووان بەگیانی یەکێتیانەوە ئەرکەکان رابپەڕێنن، وتیشی خزمەتکردنی چین و توێژە جیاجیاکان ئەرکی سەرشانی کادرانی یەکێتییە بەتایبەت ئەوانەی لە ئاستی لێپرسراوێتیدان.
ھەر لەو دانیشتنانەدا، جەزا سەید مەجید لێپرسراوی مەڵبەند، سوپاسی خاتوو شاناز ئیبراھیم ئەحمەدی کرد بۆ پشتیوانی و ھەماھەنگی بەردەوامی لەبرەودان و پێشخستنی کارەکان و خزمەتکردنی باشتری کادران.