تۆپبارانی تورکیا ئاگری بەرداوە لە دارستانەکانی چەند گوندێکی برادۆست
کوردسات نیوز
٢٧ی ئابی ٢٠٢٢
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، سوپای تورکیا لە بەرەبەیانیی رۆژی شەممەوە دەستی بە تۆپبارانکردنی سنووری گوندەکانی پێگوستا و شێخ رەش و گەلی لێتان، لە سنووری برادۆست کردووە و بەھۆیەوە ئاگر لە دارستانەکانی ئەو سنوورە کەوتووەتەوە و زیان بەر لەوەڕگە و دارستانەکانی ناوچەکە کەوتوە و ھێشتا ئاگرەکە کۆنترۆڵ نەکراوە.
پەیامنێری کوردسات نیوز راشیگەیاند، شەوی شەممە جارێکی تر فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا نزیکی ھەردوو گوندی "سگێرێ و سەرگەلێ"یان لە چیای مەتینا لە سنوور قەزای ئامێدی، بۆردومان کردووە، بەڵام زیانی بۆردومانەکە نەزانراوە.
وتیشی، تورکیا لە مانگی نیسانی ئەمساڵەوە ھێرشی سەربازیی لە سنووری مەتینا دەستپێکردووە و بەردەوام بە فڕۆکەی جەنگی چیای مەتینا و سنووری گوندەکانی ئەو ناوچەی بۆردومان دەکات، بەھۆیەوە چەندین گوند ھەڕەشەی چۆڵبوونیان لەسەرە.