حکومەتی ھەرێمی کوردستان وەڵامی کۆمپانیای سۆمۆ دەداتەوە
کوردسات نیوز
٢٧ی ئابی ٢٠٢٢
حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە توندی ئیدانەی ئەو نووسراوە دەکات کە لە ٢٣ی ئابی ٢٠٢٢، لەلایەن کۆمپانیای"سۆمۆ"بۆ بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق بڵاوکراوەتەوە و ھەڕەشە لە کڕیارانی نەوتی ھەرێم دەکات.
لە راگەیەنراوەکەی حکومەتی ھەرێمی کوردستاندا ھاتووە، نوسراوەکەی کۆمپانیای سۆمۆ زانیاری ناراست و ھەڵەی تێدایە و بەشێکە لە شەڕی سیاسی، ھەروەھا ھەوڵی ھەندێک لایەنە بۆ تێکدانی بەردەوامی دیالۆگی نیازپاکی لە نێوان حکومەتی ھەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ و لێدانە لە دەستووریی فیدڕاڵی عێراق.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە، نوسراوەکەی سۆمۆ پشت بە بۆچوونی ژمارەیەک پارێزەر دەبەستێت کە گوایە لە دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراقن، بەڵام عێراق دادگای باڵای فیدڕاڵی نییە و ھیچ بڕیارێکی ئیلزامیشی نییە، چونکە ئەو دادگایە تاوەکو ئێستاش بە گوێرەی دەستوور دروستنەکراوە.
جەختی لەوەشکردووەتەوە، حکومەتی ھەرێمی کوردستان پابەندە بە پڕۆسەی نێوەندگیری و دیالۆگ بۆ چارەسەرکردنی جیاوازییە دیارەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لە بەڕێوەبردنی نەوت و گازی عێراق و دەبێت جیاوازییەکان بەپێی دەستووری فیدڕاڵی و مافە دەستوورییەکانی خەڵکی ھەرێم و عێراق چارەسەربکرێت، تاوەکو ئەوکاتەش حکومەتی ھەرێم بەردەوام دەبێت لە ھەنگاوەکانی بۆ پارێزگاریکردن لە مافەکانی.