قوباد تاڵەبانی: پۆرتاڵی خزمەت ھەنگاوێکی گرنگە بەرەو حکومەتی ئەلەکترۆنی
٢٤ی ئابی ٢٠٢٢
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، جێگری سەرۆک وەزیران، بەبۆنەی دەستبەکاربوونییەوە، پیرۆزبایی لە کونسوڵی نوێی ئەمریکا کرد و ھیوای خواست لە ماوەی کارکردنیدا لە کوردستان، پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و ئەمریکا بەرەوپێشچوونی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.
لە بەشێکیتری کۆبوونەوەکەدا باسی پۆرتاڵی خزمەت کرا کە پرۆژەیەکی حکومەتی ھەرێمە و زیاتر لە ٤٠٠ جۆر خزمەتگوزاری لەخۆدەگرێت، لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا پۆرتاڵی خزمەت ھەنگاوێکی گرنگە بە ئاراستەی حکومەتی ئەلەکترۆنی و کارئاسانییەکی باش بۆ ھاوڵاتیان دابین دەکات. ئەمە جگە لەوەی رێگری لەگەندەڵی دەکات.
لە تەوەرێکیتری کۆبوونەوەکەدا باسی پرۆسەی ڕیفۆرم و ھەنگاوکانی چاکسازی حکومەتی ھەرێم کرا، قوباد تاڵەبانی داوایکرد ئەمریکا زیاتر ھاوکاربێت لە بەرەپێشبردنی پرۆسەی ڕیفۆرم لە ھەموو بوارەکاندا و بە تایبەتیش ڕیفۆرم لە وەزارەتی پێشمەرگەدا.
لە بەشێکیتری کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دۆخی سیاسی عێراق کرا و ھەردوولا ھاوڕابوون کە لایەنە عێراقییەکان لەڕێی گفتوگۆوە کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن و رێگە نەدەن ناکۆکییەکان وڵات بەرەو ناسەقامگیری زیاتر ببات.


