بە فەرمانێکی کارگێڕی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری ھەرێم و بە واژۆی ئەمەل جەلال سەرۆکی دەستەی گشتی گەشتوگوزار، سەرجەم ھۆتێل و مۆتێل و کافێ و ڕێستۆرانت و ئەو شوێنە گەشتیاریانەی خزمەتگوزاری گەشتیارییان تیاداپێشکەش دەکرێت پابەند دەکات بەوەی پێویستە زمانی کوردی بکەن بە زمانێکی سەرەکی بۆ لیستی پێشکەشکردنی خواردنەکان و تابلۆی ناوی بازرگانی شوێنەکانیان، بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەش تەنھا وادەی "١٥" ڕۆژ دیاری کراوە.

ھەر وەک لە فەرمانەکەدا ھاتووە کە لە دووتوێی حەوت خاڵدا نوسراوە، پابەند کردنی سەرجەم ئەوشوێنانەی خاوەنی مۆڵەتی گەشتیارین دەبێت زمانی کوردی وەک زمانی سەرەکی و یەکەم، پاشان ھەر زمانێکی تری بیانی بنوسرێت.

لە فەرمانەکەدا سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان و لیژنە تایبەتەکانی ڕاسپاردووە بۆ بەدواداچوون بە جێبەجێکردنی بڕیارەکە و سزای دیاریکراوی سەرپێچی کاران تۆمار دەکرێت کە بە داخستنی شوێنەکە بۆماوەی سێ ڕۆژ دەستپێدەکات، لە ئەگەری دووبارە بوونەوە یان زیاتر شوێنەکە بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ تا بە ھەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی شوێنە گەشتیارییەکە کۆتایی دێت.

بەهۆی زۆری گەشتیاری بیانی و عێراقی بۆ هەرێمی کوردستان، زۆرینەی ناوچە گەشتیارییەکان تابلۆ و مێنۆی خواردن بە زمانەکانی تر دەنوسن و بە کوردی نانوسرێت.