دەقی راگەیەندراوەکە...
بەگرنگی و ھەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە چاودێری ئەو پێشھاتە سیاسییانەمان کردووە کە لە وڵاتەکەمان روویانداوە. پەرۆشی ھەوڵەکانیشین لەپێناو یەکڕیزی و یەکخستنی تواناکان لەپێناو بەرژەوەندی نیشتمانی و بەدیھێنانی زەمینەیەکی لەبار بۆ چاکسازی بەشێوەیەک کە خزمەت بە گەل بکات و دەستوور بنەمای کارکردن بێت.

بنەماکانی کارکردنمان لەژێر رۆشنایی سیاسەتی سەرکردەی کۆچکردوومان مام جەلال سەرچاوەی گرتووە کە ئامادەیی گرنگ و کاریگەری ھەبووە لە پێش و پاش ساڵی ٢٠٠٣. 

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش درێژە بەو رێبازە دەدات و پەرۆشی خۆی بۆ پرەنسیپەکانی کاری نیشتمانیی ھاوبەش دووپات دەکاتەوە لەپێناو پاراستنی ئەزموونە تازەکەی   دیموکراسی، بونیادنانی عیراقێکی فیدراڵ، سەربەخۆ و پێشکەوتوو.

جەخت لە پاراستنی یەکڕیزی، ھەوڵە نیشتمانییەکان و زاڵکردنی زمانی دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی بەرھەمدار و پابەندبوون بە دەستوور دەکەینەوە، کە دەنگی بۆ دراوە وەک بەڵگەنامەیەک بۆ گەشەپێدان و بەخۆداچوونەوە و پابەندبوون بە بڕگەکانییەوە.

وەک ھەموو ھێزە نیشتمانییەکانمان باوەڕمان بە پێویستی لێکجیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان ھەیە وەکو بنەمایەکی سەرەکی لە بنەماکانی بونیادنانی دەوڵەتێکی مەدەنی و دیموکرات. پێشمانوایە بەرپرسیارێتی لایەنە جیاوازەکانە پابەندی ئەم بنەمایانە بن بەتایبەت سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری، پارێزگاریکردن لە مافی ھاوڵاتییان و دامەزراوە دەستوورییەکانی تر لە وڵاتدا. ئەو رووداوەی ئەمڕۆش رەت دەکەینەوە کە بەسەر ئەم دامەزراوەیەدا ھات و پێویستە ھەموو ھێزە سیاسییەکان رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم کارانە بکەن.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەم ھەلومەرجەدا پابەندبوونی تەواوی خۆی بە زاڵکردنی دیالۆگ و ئامادەکردنی زەمینەیەکی سیاسیی لەبار دووپات دەکاتەوە کە لەتوانایدابێت پرۆژەیەکی چاکسازی بەرپا بکات کە پشت بە بەرنامەیەکی پەسەندکراوی ھەمووان ببەستێت تاوەکو بتوانێت چاکسازی پێویست بەدیبھێنێت و دەست بە بونیادنان و گەشەپێدانی وڵاتمان بکرێت. 

پشتیوانی داخوازییە نیشتمانییەکان دەکەین لەپێناو چاکسازی و دووپاتی دەکەینەوە پاراستنی وڵات و سەقامگیرییەکەی، پاراستنی مافی ھاوڵاتییان، رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و گەشەپێدانی ئەدای دامەزراوەکان، پێویستی بە رەخساندنی زەمینەیەکی لەبارە لەلایەن ھەموو ھێزە سیاسییە کاریگەرەکانەوە و لەپێش ھەمووشییەوە دیالۆگی نیشتمانیی جدی و دڵسۆزانە

خودا عیراقی دیموکرات و فیدراڵ و سەربەخۆ بپارێزێت. رێپیشاندەر و یارمەتیدەری ھەمووان بێت بۆ ھەر کارێک کە خێری گەلەکەمانی تێدابێت بەھەموو پێکھاتەکانییەوە. 

بافڵ جەلال تاڵەبانی 
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان