وەزیری پیشمەرگە: پرۆژەی ستراتیژی بەرگری پێشمەرگە لە قۆناغی کۆتایدایە
٢٣ی ئابی ٢٠٢٢
وەزیری پیشمەرگەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری کوردسات نیوزدا سەبارەت بە یەکگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و دروستکردنی ھێزێکی نیشتیمانی یەکگرتوو ڕایگەیاند، لە ئێستادا یەکگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و دروستکردنی ھێزی نیشتیمانی پێوستی بە ئیرادەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان ھەیە بۆ ئەوەش پێوست دەکات پارتی و یەکێتی رێکەوتنێکی ستراتیژی ئیمزا بکەن تا ئەو ھێزە نیشتیمانیە دروست بکرێت.
ھەر لەو دیدارەدا وەزیری پیشمەرگە ئاشکرای کرد پرۆژەیەک ئامادەکراوە بۆ ئەوەی وەزارەتی پێشمەرگە یەک سەرچاوەی دارایی ھەبێت، بۆ ئەوەش ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندی دەربڕییوە و لە ئێستادا لە کۆی ٥٦ ھەزار پێشمەرگە ٣٧ ھەزار پێشمەرگە لە بانک مووچە و وەردەگرن و کارتی بانکیان ھەیە و لە بەرنامەدایە تەواوی ھێزی پێشمەرگە لە بانک مووچەکانیان وەربگرن.
وەزیری پێشمەرگە ئەوەی ئاشکرا کرد ئیتر ئەوانەی ئارەزوودەکەن لە نێو ھێزی پێشمەرگە خزمەت بکەن و پەیوەندی بە ھێزی پێشمەرگەوە بکەن بە شێوازێکی نوێ و بە میکانیزمێکی نوێ پێشمەرگە وەردەگرن و وەکو پێشتر نابێت لق و مەڵبەندەکان پێشمەرگە بنێرنە وەزارەت.
سەبارەت بەڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە وەزارەتی پێشمەرگە و ئەنجامدانی چاکسازی وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند: چاکسازی باش لە نێو وەزارەتی پێشمەرگە و پێشمەرگە کراوە بۆ ئەوەش بە دەیان ملیون دۆلار بۆ خەزێنەی حکومەت گەڕاوەتەوە و رێگریش لە بەھەدەرانی دانی پارە کراوە.
سەبارەت بە قەرزەکانی وەزارەتی پێشمەرگە وەزیری پێشمەرگە ڕایگەیاند، قەرزێکی زۆر لەسەر وەزارەتی پێشمەرگە ھەبوو کە دوو جۆر بوون، جۆری یەکەم قەرزی برینداران و کەس و کاری شەھیدان بوو بۆ ئەوەش بریاردار قەرزی ئەوان بدرێتەوە بەڵام قەرزی دووەم قەرزی کۆمپانیاکان بوو کە بەفەرمانی من پێدانەوەی راِگیراوە تا ئەو کاتەی قەرزی کەس و کاری شەھیدان و بریندارانی شەڕی داعش دەدرێتەوە.
ھەر لەو دیدارەدا وەزیری پێشمەرگە سەبارەت بە سەنگەرسازی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، سەنگەرەکانی پیشمەرگە رێکخراوەتەوە و توانراوە تەواوی پێداویستیەکانیان بۆ دابین بکەن بۆ ئەوەش نزیکەی ٨ مانگە داعش نەیتوانیوە زەفەر بە سەنگەرەکانی پێشمەرگە ببات.
سەبارەت بە پرۆژەی ستراتیژی بەرگری پێشمەرگە وەزیری پێشمەرگە لەو دیدارەدا ڕایگەیاند، پرۆژەی ستراتیژی بەرگری پێشمەرگە لە قۆناغی کۆتایدایە و قۆناغی باشی بڕیووە و بەم نزیکانە کۆتای دێت.