دەستەی مافی مرۆڤ دەرکردنی نەخۆشێک لە نەخۆشخانە رەتدەکاتەوە
کوردسات نیوز
٢٠ی ئابی ٢٠٢٢
دەقی روونکردنەوەکە...
دەستەی مافی مرۆڤ بەدوا داچون بە دۆخی مرۆیی نەخۆشێکی دەروونی دەکات کە گوایە لەنەخۆشخانە دەرکراوەتە دەرەوە .
لە دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتێک لە کەناڵیکی ڕاگەیاندن لە ٢٠٢٢/٨/١٩ دەربارەی دەرکردنی ھاووڵاتیەکی بەساڵاچوی بە ڕەگەز عەرەب لە نەخۆشخانەی (شار) لە سلێمانی، نووسینگەی مافی مرۆڤ لە سلێمانی ڕاسپێردراو دەستی بە بەدواداچوون و چاودێری کرد بۆ دۆخی مرۆیی ئەو کەسە و گەیشتینە چەند ئەنجامێک:
١. ئەو کەسە بە ڕەگەز عەرەبە و خەڵکی پارێزگای ئەنبارە، بە وتەی بەرپرسانی نەخۆشخانەی شار ڕۆژی ١٨ی ئاب پۆلیسی سلێمانی لە گەڕەکی (چوارچرا)وە ھێناویانە بۆ نەخۆشخانەکە و پۆلیس وتوویانە لە لایەن کەسوکاریەوە فڕێدراوە و باری دەروونی ناجێگیرە و قسە ناکات و ھیچ ناسنامەیەکی پێ نییە.
٢. بە ووتەی ئیدارەی نەخۆشخانە و لێپرسراوی ڕیسێپشنی نەخۆشخانەی شار ئەو ھاوڵاتیە فڕێ نەدراوەتە دەرەوەی نەخۆشخانەکە وەک ئەو کەناڵە باسی کردووە، بەڵکو ھێنراوەتە بەردەم نەخۆشخانە و یەکسەر فریاگوزاری تەندروستی بۆ کراوە و خواردنی پێدراوە و خراوەتە ژێر چاودێری چڕی تەندروستیەوە و دۆخی بەرەو باشترە.
٣. لە دوای بەدواداچوونی زیاترمان بۆ ئەم بابەتە پێیان ڕاگەیاندین کە ناکرێت ئەم ھاوڵاتیە لە نەخۆشخانە بھێڵرێتەوە چونکە لە دوای وەرگرتنی چارەسەری پێویست دەبێت یان کەسوکاری بێن بیبەنەوە ماڵیان یان لە خانەی بەساڵاچوان دابنرێت.
٤. ئێمە بەدواداچوونمان بەردەوامە و لە دوای پەیوەندی کردنمان بە بەرپرسی کارگێڕی نەخۆشخانەوە نوێنەری نووسینگەمان ناردووە بۆ سەردانی نەخۆشەکە و وەرگرتنی زانیاری زیاتر ، بۆ ئەو مەبەستە
ئەمڕۆ شەممە بە نوێنەرایەتی نووسینگەی سلێمانی بەڕێز (مستەفا مەحمود) فەرمانبەر لە ھۆبەی یاساو سکاڵا سەردانی نەخۆشخانەی شاری کرد بە مەبەستی بەدواداچونی زیاتر بۆ زانینی دوا بارودۆخی ئەو نەخۆشە کە ناوی (عاید عبد الگزاز اللامی)یە و لە نزیکەوە خۆی قسەی لەگەڵدا کردووە و وتوویەتی ھیچ کەسێکی نیە. ھەروەھە لەگەڵ بەرپرسانی نەخۆشخانە قسەی کردووە و پێیان ڕاگەیاندووە کە ئەم کەسە گرفتی دەروونی ھەیە و بێلانە و بێ کەسە و لەژێر چاودێری پزیشکیە و چارەسەر وەردەگرێت، لە ئێستادا قسەمان لەگەڵ بەڕێوەبەری خانەی بەساڵاچوانی سلێمانی کردووە بۆ ئەوەی کاتێک دۆخی تەندروستی باش بێت ھەوڵبدرێت لەوێ ودابنرێت و چاودێری بکرێت.
بۆیە لەئێستادا ناوبراو لەژێر چاودێری تەندروستی دایەو ھەرکاتێک باشتربو دەبرێتە خانەی بەساڵاچوان.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ
٢٠/٨/٢٠٢