سۆران عومەر: شارەوانی ھەولێر زەوییەکی بە ٣٠٠ دینار بۆ ھەر مەترێک فرۆشتووە
کوردسات نیوز
٢٠ی ئابی ٢٠٢٢
"سۆران عومەر"ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، بە پێی نوسراوێکی سەرۆکایەتی شارەوانی ھەولێر زەوییەکی ٤٤٦ مەتری لەباشترین شوێنی شاری ھەولێر دراوە بەکەسێک بەشێوەی ئیستسنا، واتا بەدەر لە رێنماییەکان مەتری بە ٣٠٠ دینار دراوە بە ھاووڵاتییەک.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو زەوییە بەنرخی ھەرزانتر لەکیلۆیەک تەماتە دراوە بەو ھاووڵاتییە کە کۆی گشتی پارەکەی بۆ زەوییەکە دەکاتە ١٣٨ ھەزار دینار، کە بەوشێوەیە زەویەکی ٤٤٦ مەتری نەیکردووەتە ١٠٠ دۆلار .
ئەوەش لە کاتێکدایە "بافڵ جەلال تاڵەبانی"سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھەفتەی رابردوو بڕیاریدا، ھەر لێپرسراوێک لە ھەر ئاست و بەرپرسیارێتییەکدا بێت، بەھیچ شێوەیەک رێگە پێدراو نییە، ناونیشان و بەرپرسیارێتی خۆی بەکاربھێنێت بۆ دەستکەوتی تایبەت و کەسی، بەتایبەت بۆ وەرگرتنی زەوی، لە کۆتایی بڕیارەکەشدا رایگەیاندبوو، چاوەڕوان دەکەن ھەموو حزب و لایەنەکانی تر ھەمان ھەڵوێستیان ھەبێت و رێگە بەو کارە نەدەن.