ساڵح موسلیم : تورکیا و سوریا دەیانەوێت خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژھەڵاتی سوریا لەناوببەن
کوردسات نیوز
١٩ی ئابی ٢٠٢٢
ساڵح موسلیم ھاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکرات "پەیەدە" لە میانی بەشداریکردنی لە گەشتی ھەواڵەکانی کوردسات نیوز ڕایگەیاند، تورکیا بەشێوەی ناڕاستەوخۆ ھێرشەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان چڕکردووەتەوە و تەنھا ئەوە ماوە لە ڕێگەی وشکانییەوە ھێرشەکانی دەستپێبکات. وتیشی، سوپای تورکیا بە تۆپ و درۆن ھێرش دەکاتەسەر ڕۆژئاوای کوردستان و لەو ھێرشانەشدا ھاوڵاتی مەدەنی بوونەتە قوربانی.
ساڵح موسلیم ڕەخنەی لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی گرت کە لە کاتی ھێرشەکانی تورکیا، بێ دەنگی ھەڵدەبژێرن و بیانوی ئەوە دەھێننەوە، تەنھا بۆ شەڕی تیرۆر ھێزیان لە ناوچەکە ھەیە، ئاماژەی بەوەشکرد، بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر ھێرشەکانی تورکیا، بەمانای پیلانگیڕییەک دێت دژی گەلی کورد و وڵاتانی جیھانیش کورد لە بەرژەوەندی خۆیان بەکار دەھێنن.
بەوتەی ساڵح موسلیم، لەسەرەتای سەرھەڵدانی قەیرانی سوریاوە، کورد لەگەڵ دانوستان بووە بۆ چارەسەری کێشەکان، بەڵام حکومەتی دیمەشق ھاوشێوەی ئەنقەرە دەوێت خۆبەڕێوەبەری باکور و خۆرھەڵاتی سوریا لەناوببات. ئاشکراشیکرد، شتێک نەماوە بەناوی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ئەوەی ھەیە ھەمووی سەر بە سوپای تورکیان.