شێخ حسێن حەمەساڵح نوێنەری دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران لە یۆنان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، تائێستا ھیچ زانیارییەکی نوێ نییە لەبارەی چارەنووسی ئەو کۆچبەرانەی لە دەریای ئیجەدا یەختەکەیان ژێرئاوکەوت.

وتیشی، ئێستا گەڕان بەدوای ئەو کۆچبەرانەدا راگیراوە، چونکە حکومەتی یۆنان دوای ٤٨ بۆ ٧٢ سەعات گەڕانەکانی رادەگرێت.
وتیشی، بەوردی ژمارەی کۆچبەرە بێسەروشوێنەکان نازانرێت و گەڕان بەدوایان پێویستی بە غەواسی تایبەت ھەیە، چونکە نازانرێت قووڵی ئاو لە شوێنی رووداوەکە چەندە.

لەبارەی ئەوەی ئایا ھیچ ھاووڵاتییەکی ھەرێم لەناو بێسەروشوێنەکانەدایە، نوێنەری دەزگای لووتکە رایگەیاند، لەو بارەیەوە زانیاری نییە، بەڵام  ھیچ کەسێک لە ھەرێمی کوردستانەوە پەیوەندینەکردووە، کە بڵێت کەسوکاری ئەو کۆچبەرانەیە، بەڵام لەناو ئەو ٢٩ کۆچبەرەی لە خنکان رزگارکراون، ھیچ کوردێک یان عێراقییەکی تێدا نییە. 

شەوی نۆی ئەم مانگە یەختێکی کۆچبەران، بە زیاتر لە ٨٠ سەرنشینەوە لە نزیک دوورگەی کارپاتوس لە دەریای ئیجە ژێرئاوکەوت، ٢٩ کۆچبەر لە خنکان رزگارکران و زیاتر لە ٥٠ کۆچبەری تریش بێسەروشوێنبوون، کە تائێستا چارەنووسیان نادیارە.