دەوڵەتی یاسا: خراپی رەوشی ئێستا لە ئەستۆی رەوتی سەدردایە
کوردسات نیوز
١٤ی ئابی ٢٠٢٢
ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردوە، دواکەوتنی پێکھێنانی حکومەت و پەکخستنی کارەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کاریگەری مەترسیداری لەسەر ژیانی ھاوڵاتیان و فەرمانبەران ھەیە، چونکە زۆربەی بڕیار و یاساکان پێویستیان بە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانە و حکومەتێکیش پێویستە بۆئەوەی جێبەجێیان بکات.
راشیگەیاندووە، بەرپرسیارێتی ئەو کاریگەرییە مەترسیدارە و خراپی کۆی رەوشی ئێستای عێراق لە ئەستۆی رەوتی سەدردایە، کە رێگە نادات ئەنجومەنی نوێنەران کۆببێتەوە و حکومەتی نوێی عێراقیش پێکبھێنرێت.
ھاوپەیمانی فەتحیش رایگەیاندوە، ئەنجومەنی نوێنەران موڵکی گەلە نەک تەنھا لایەنێک کە رێگە نەدات کۆبوونەوەکان بکات و کارەکانی پەکبخات، جەختیشیکردووەتەوە، پەکخستنی دامەزراوە یاساییەکانی دەوڵەت کارێکی نادەستوورییە و کاریگەری خراپی لێدەکەوێتەوە.