ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و ھادی عامری
کوردسات نیوز
١٤ی ئابی ٢٠٢٢
لە دیدارێکدا کە شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ و خالید شوانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئامادەبوون، دوایین پەرەسەندنە سیاسییەکان و دەستپێشخەری نوێ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسیی عیراق تاوتوێکران و بیروڕایان لەبارەوە ئاڵوگۆڕکرا.
لە دیدارەکەدا جەخت لە یەکخستنی ھەوڵە نیشتمانییەکان کرایەوە لەپێناو دۆزینەوەی دەرچەی دەستووریی و یاسایی بۆ دەربازبوون لەو دۆخە نەخوازراوەی عیراقی تێکەوتووە. ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر بەردەوامیی گفتوگۆکان و دیالۆگی بونیادنەرانە بۆ زاڵبوون بەسەر کێشەکان.
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دیدارەکەدا جەختیکردەوە کە یەکێتی پێشوازی لە ھەر دەستپێشخەرییەک دەکات کە سەرجەم لایەنەکان کۆبکاتەوە و ئامانج لێی گەیشتن بێت بە رێککەوتنێکی نیشتمانی و دەربازکردنی وڵات لەو دۆخەی تێیکەوتووە. روونیشی کردەوە لەماوەی رابردوودا بەھەمان سیاسەتی سەرۆک مام جەلال داوای گفتوگۆی نیشتمانیمان کرد بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگییەکان. بۆ ئەمڕۆش ئەم دەستپێشخەرییە نوێیە کە لەگەڵ دیدگای یەکێتی یەکدەگرێتەوە و لەخزمەتی گشتی و سەقامگیری وڵاتدایە یەکێتی پشتیوانی دەکات.