ئەندازیار ئەمیر عبدولخالق سەرپەرشتیاری دروستکردنی پرۆژەی شەقامی ١٥٠مەتری بازنەیی خێرای ھەولێر راگەیاند، ''شەقامی خێرای ١٥٠ مەتری بە گشتی چێوەکەی ٧٠ کیلۆمەترە و بە دەوری شاری ھەولێردا دەسووڕێتەوە، ئەو بەشەی کە تەواوکراوە ١٠ کیلۆمەترە، دوو بەشەکەی دیکە کە کاری تێدا دەکرێت، یەکێکیان ٧.٦ کیلۆمەترە، ئەو بەشەی دیکەشیان ٦.١ کیلۆمەترە، واتا کۆی گشتیی ئەوەی لە ئەستۆی کۆمپانیایە درێژییەکەی ٢٤ کیلۆمەترە.''

لەبارەی ئەو بەشەی پڕۆژەکە کە ئێستا کاری تێدا دەکرێت سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە وتی، ''ئەو بەشە لە نێوان شەقامی سەرەکی دھۆک تا ھەولێرە، تاوەکو ڕێگەی سەرەکی ھەولێر- بەحرکەیە کە درێژییەکەی ٦.١ کیلۆمەترە، بەڵام وەک ڕووبەری کارکردن وەک ڕێیەکی ٧٥ کیلۆمەتری بە پانیی ھەشت مەتر وایە، لەبەر ئەوەی دوو شەقامی سەرەکی بە پانیی ١٩.٥ مەتری و دوو شەقامی خزمەتگوزاری لەخۆ دەگرێت، دوو یەکتربڕی گەورەی تێدایە، ھەروەھا دوو ژێر پرد و پردێکی سووڕانەوەی تێدایە و٤٣ سندووقی ئاوبەری جۆراوجۆر لەخۆی دەگرێت.''

سەبارەت بە کاتی تەواوبوونی پڕۆژەکە، ئەندازیار ئەمیر عبدوالخالق، دەڵێت:''لە ١٣ی نیسانی ٢٠٢٢ دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە کرا، ماوەکەی ٥٥٠ ڕۆژە. بەڵام وابڕیارە بەر لە وادەی دیاریکراوی خۆی پڕۆژەکە لە کۆتایی ئەمساڵدا تەواو بکرێت، لەپێناو تەواوبوونی خێرای پڕۆژەکەش ڕۆژانە ١٤ سەعات کاری تێدا دەکرێت، نزیکەی دوو ھەزار کارمەند و ٨٠٠ پارچە ئامێری جۆراوجۆر لە کاردان، ھەروەھا پڕۆژەکە گشت ھێڵکارییەکانی ڕێگا و ھێماکانی ھاتووچۆ و پەرژینی خۆپاراستن و شۆستە و سیستەمی ئاوەڕۆ لەخۆدەگرێت.''