ھەسەدە ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکانی لەگەڵ ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش ھەڵپەسارد
کوردسات نیوز
١٣ی ئابی ٢٠٢٢
روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، (ھەسەدە) ماوەی ٦ رۆژە ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی لەگەڵ ھێزەکانی ھاوپەیمانی راگرتووە و ئەو ھەنگاوەش وەک ناڕەزاییەک بەرامبەر زیادبوونی ھێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی ھەسەدە دێت.
لەوبارەیەشەوە، لێپرسراوێکی باڵا لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بە ئاژانسی نۆرس پرێسی راگەیاندووە، ھێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان رەنگە ببنە ھۆی پەککەوتنی ئۆپراسیۆنەکانی شکستپێھێنانی داعش.
سەبارەت بە ئەگەری زیادکردنی ھاوکارییە سەربازییەکانیان بە (ھەسەدە) کە بیانپارێزێت لە ھێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا، ئەو بەرپرسە وتی، تاکە ئەرکی ئەوان لە سوریا شکستپێھێنانی ھەمیشەیی داعش و ڕێگریکردن لە دوبارە سەرھەڵدانەوەی ئەو گروپە تیرۆریستیەیە.