لە سنورەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان کۆڵبەرێک کوژرا و یەکێکی تریش برینداربوو
کوردسات نیوز
١٣ی ئابی ٢٠٢٢
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو بڵاویکردەوە، ھێزەکانی پاسەوانی سنوری ئێران لە سنووری شێخ سڵە لە پارێزگاری کرماشان تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەرکردووە و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێکی خەڵکی "سەلاسی باوەجانی" سەر بە شاری کرماشان بە ناوی "محەمەد نادری" تەمەن ١٨ ساڵ کوژراوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە گوندی ھەنگەژاڵی سەربە شاری بانە کۆڵبەرێکی تر بە ناوی "عەبدوڵا حەجەری" تەمەن ٢٥ ساڵ بە تەقەی ھێزە ئەمنییەکان بریندار کراوە، بەھۆی سەختی برینەکەی رەوانەی شاری تەبرێز کراوە.
رێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو راشیگەیاندووە، حاڵەتەکانی تەقەکردن لە کۆڵبەران زیادیانکردووە و لە مانگی ڕابردوودا ٣٧ کۆڵبەر و کاسبکار لە سنوورەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان بە تەقە ھێزە ئەمنییەکان بوونەتە قوربانی.