محەمەد شوکری سەرۆکی گشتی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لەئێستادا دابەشکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون بەپێی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان تەواوبووە کە ھەر ناوچەی چەند یەکەی نیشتەجێبوونی بەردەکەوێت.

وتیشی، لە زۆربەی شوێنەکان زەوی بۆ دروستکردنی یەکە نیشتەجێبووەکان تەرخانکراوە و لیژنەکانیش بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ دەستنیشانکردنی وەبەرھێنەرەکان، بۆیە ھەموو ھەوڵەکان چڕکراوەنەتەوە تا مانگی ئەیلولی داھاتوو دەست بەدروستکردنی یەکەکان بکرێت.

وتیشی، ٢٠ ھەزار یەکە نیشتەجێبووەکە لە ھەموو ھەرێم بۆ کرێچی و کەمدەرامەتان دروستدەکرێن، لەو چوارچێوەیەشدا ١٢٠ ھەزار فۆرم پڕکراوەتەوە، لەلایەن لیژنەکانەوە لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان فۆڕمەکان جیادەکرێنەوە، بۆ ئەوەی خەڵکی شایستە دیاریبکرێن.