بە بەشداری بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێم و ئامادەبوونی جینین پلاسخارت نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان لە سەرۆکایەتیی ھەرێم کۆبوونەوە و گفتوگۆ لە بارەی دیاریکردنی ڕۆژی ھەڵبژاردنی پەرلەمان و لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم ھەڵبژاردن کرا.

سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستانیش لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا نێچیرڤان بارزانی ھیوای خواستووە لایەنە سیاسییەکان بگەنە لێکگەیشتنێک بۆ دیاریکردنی کاتی ھەڵبژاردن و راشیگەیاندووە،  دواکەوتنی ھەڵبژاردن زیان بە ناو و پێگەی ھەرێم دەگەیەنێت.

بەپێی راگەیەندراوەکە، جێنین پلاسخارت ھەموو پشتگیرییەکی نەتەوەیەکگرتووەکانی بۆ سەرخستنی پرۆسەکە دەربڕیوە و جەختی لەوەش کردووەتەوە، دەبێت بە زووترین کات لایەنەکان بگەن ئەنجامێک، چونکە زۆر کات لەبەردەستدا نییە.

ھەر لە کۆبوونەوەکەدا، بڕیاردرا سەرەتای ئەیلولی داھاتوو دوایین کۆبوونەوە بۆ یەکلاکردنەوەی تەواوی بابەتەکانی پەیوەست بە ھەڵبژاردن و چارەسەرکردنی کێشەکانی بەردەم پڕۆسەکە ئەنجام بدرێت.